|

نیشتیمانم من دێمه‌وه
ده‌ڵێم بڕۆم و ڕوو له بیابان
كه‌م، دڵم ڕێگام پێ نادات. ده‌ڵێم
بڕۆم ڕوو له شارستان بكه‌م، دڵم
ڕێگام پێ نادات. ده‌ڵێم بڕۆم له
سه‌ر كێوی قه‌ندیل لانه‌ی
خۆشه‌ویستیم دروست بكه‌م دڵم بۆ
خۆی خه‌ریكه له ناو جه‌سته‌م دا
بفڕێت و وه‌ك كۆترێك خۆی
بگه‌یه‌نێته سه‌ر قه‌ندیل.
ده‌زانی ئه‌گه‌ر له خۆشترین و
ئارامترین شوێنی ئه‌م جیهانه بیت،
به‌ڵام له سه‌ر ئاو و خاكی خۆت
نه‌ژیت، مرۆڤێكی ته‌واو نیت؟ من
زۆر به منداڵی نیشتیمانم به جێ
هێشت، ده‌بو ئه‌وه‌نده بیرم
نه‌كردبات، به‌ڵام نه، به
عه‌كسه‌وه، زۆر زۆر بیری ئه‌كه‌م.
كه چاو له كاناڵه ئاسمانیه‌كانی
كوردستان ده‌كه‌م و باسی ئه‌نفال
و چاره‌ره‌شی میله‌ته‌كه‌م و
ئه‌شغاڵ كردنی وڵاته‌كه‌م
به‌ده‌ستی ناحه‌زانی دژی
ئازادیه‌وه ده‌كه‌م، خۆم
ده‌خۆمه‌وه، قوڵپه‌ی گریان له
ناخمه‌وه و زریكه‌ی دڵی پڕ هه‌ستو
خۆشه‌ویستیم بۆ وڵات خه‌ریكه
بمسوتێنێ. داده‌نیشم بیر
ده‌كه‌مه‌وه ئه‌گه‌ر كورد نه‌بام،
ئاوا دڵم بۆ كوردستان لێی ده‌دا؟
ده‌ڵێم نا، ئه‌گه‌ر كورد نه‌بام
وه‌ك دانیشتووی ئه‌و وڵاتانه وا
خۆیان به دۆستی ئازادی ده‌زانن
ئه‌و ڕووداوانه‌ی كوردستان و
ئه‌نفالكردنی كورده‌كانم وه‌پشت
گوێ ده‌خست و خه‌ریكی ژیانی
ئاسایی خۆم ده‌بووم. به‌ڵام من
كوردم و كوردیش ده‌مێنمه‌وه. چاو
لێده‌كه‌م لاوانی ته‌مه‌ن زۆر
منداڵی نیشتیمانم به‌دوای
ڕووناكیه‌كی زۆر له‌میژینه‌ی
مێژوی وڵاته‌كه‌م دا ده‌گه‌رێن.
چاو لێده‌كه‌م لاوه‌كان ناتوانن
به ئاسانی هه‌ناسه بكێشن، ئه‌گه‌ر
نه‌یانهه‌وێ له گه‌ڵ گولله دا
به‌ره‌و ڕوو بن. گولله‌یه‌كی
جه‌رگ بڕ كه جه‌رگی هه‌زاران
دایكی نیشتیمانی بڕیوه. من چۆن
بتوانم ئه‌و ڕووداوانه له‌بیر
كه‌م؟ چۆن بتوانم ڕۆژێك ژیانێكی
ئاساییم بێت؟ له هه‌ر گۆشه‌یه‌كی
ئه‌م كوردستانه‌م دا به ده‌یان
هه‌زار منداڵی بێ دایك و باوك كه
تا كۆتایی ژیانیان چاوه‌ڕێی
گه‌ڕانه‌وه‌ی دایه‌و بابه‌یان
ده‌كه‌ن. من چۆن بژیم، كه ده‌بینم
دایكی پێنج شه‌هید گوێی به
ده‌رگای ماڵه‌كه‌یه‌وه ده‌نێت تا
به‌یانی چاوه‌ڕێی هاتنه‌وه‌ی
یه‌كێك له كۆرپه‌كانیه‌تی
بگه‌ڕێته‌وه؟ من چۆن بژیم، گه‌ر
ده‌بینم گونده‌كانی كوردستان‌م كه
یه‌كه‌مین سه‌رچاوه‌ی ژیانی ئه‌م
دونیا پان و به‌رینه بوون،
به‌ده‌ست ئه‌شغاڵگه‌ره‌كانه‌وه
بسوتێن؟ دروسته له باری
ئه‌منیه‌وه له‌م وڵاتانه هه‌ست
به ئارامی ده‌كه‌م، به‌ڵام له
باری ڕۆحی خه‌می وڵاتم خه‌ریكه
جه‌سته‌م رۆژ به‌ڕۆژ ده‌خواته‌وه.
فرمێسكه‌كانم بوونه‌ته ڕق و كینه
بۆ ئه‌وانه‌ی وشه‌ی ئازادی
ده‌كوژن، بۆ ئه‌وانه‌ی دواڕۆژی
میله‌تێك
(لاوان) ده‌كوژن. منیش پێم خۆش
بوو دانیشتبام و بۆ ئاوه‌دان
كردنه‌وه‌ی كوردستانی ئازیزم
هه‌وڵم دابات. به‌ڵام چی بكه‌م،
وه‌ك هه‌مو شتی تر ده‌بێت ئازادی
وڵاتم بده‌مه ده‌ست قه‌ده‌رو
چاره‌نووس. چاره‌نوسێكی نادیار،
گه‌ڕانه‌وه‌م بۆ وڵات له كاتێكی
نادیاردا. بیره‌وه‌ریه‌كانی كاتی
مناڵیم له گه‌ڵ دایه گه‌وره‌و
بابه گه‌وره‌م خه‌ریكن
ڕه‌نگه‌كانیان كاڵ ده‌بنه‌وه.
له‌وانه‌یه له كاتێك دا
بگه‌ڕێمه‌وه ئه‌وانیش بۆ هه‌میشه
به‌جێان هێشتبێتم. ئه‌وانه‌ی
ده‌منساسین زۆربه‌یان به‌جێان
هێشتووم و ناگه‌ڕێنه‌وه. ئای كه
بیره‌كی پڕ ئازاری. حه‌زم ده‌كرد
بۆ جارێكی تر بهاتبام و له ناو
دارستانی سه‌ر سه‌وز و جوانی
نیشتمان دا وه‌ك باڵنده‌یه‌ك
باڵه‌كانم ڕاوه‌شاندبات و تاسه‌ی
چه‌ند ساڵ دووری له وڵاتم
بشكاندبا. من وه‌ك باڵنده‌یه‌كی
لانه شێواوم، ته‌نیا له سه‌ر
جێگه‌و ڕێگه‌ی خۆم ئه‌توانم خۆم
بم، ئه‌توانم بۆ خۆم بژیم، نه‌ك
لێره، نه‌ك له غوربه‌ت، دوور له
كه‌س و كار، دوور له ئاو و خاك،
دوور له كوردستان‌م
بیرت ئه‌كه‌م وڵاته‌كه‌م
چاوه‌ڕێم كه من دێمه‌وه، رۆژێك له
رۆژان دێمه‌وه
نووسینی: ئاره‌زوو حیسامی
2008.05.13
|